01/06/2026
هه‌ولێر.. كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌باره‌ی ڕێكحستنهوهی شه‌قام و شوێنه گشتییه‌كانی شاری هه‌ولێر
بهمەبەستی جوانتركردنی سیمای شار و ڕێکخستنەوەی شەقام و بازارە میللییەکان، ئەمڕۆ دووشەممە 1/6/2026 ساسان عه‌ونی وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هه‌ولێر، سه‌رپه‌رشتیی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی تایبه‌تیان سەبارەت بە ڕێکخستنەوەی شەقام و بازاڕە میللی و شوێنه گشتییه‌كانی شاری هه‌ولێر كرد.
لە کۆبوونەوەکەدا جه‌خت لەسەر دووباره ڕێكخستنه‌وه‌ی شه‌قام و بازاڕ و شوێنه گشتییه‌كان و پاكوخاوێنی شار و كه‌مكردنه‌وه‌ی جه‌نجاڵی به گشتی کرایه‌وه، هه‌روه‌ها جه‌خت له‌سه‌ر داڕشتنی پلان و نەخشەیه‌كی تایبەت سه‌باره‌ت به ناونیشانی نامۆ و زمانی بیانی له‌سه‌ر تابلۆی دوکان و شوێنە گەشتیارییەکان کرایه‌وه، کە پێویستە بەزووترین کات بکرێنە زمانی کوردی، مینۆی خواردنگه و پسوولەی چێشتشخانهكانیش بگرێتەوە. هه‌روه‌ها جه‌خت له‌سه‌ر به پاراستنی پاک‌وخاوێنی و دووباره ڕێكخستنه‌وه‌ی شار به‌مه‌به‌ستی دابینکردنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ هاووڵاتییان كرایه‌وه. هه‌ر له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جەختیش لەسەر پێویستی هاوکاری و هەماهەنگیی نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ ڕێکخستنەوەی شەقامەکان و بازارەکان كرایه‌وه و بڕیار درا چەند هەنگاوێکی کرداری بگیرێتەبەر بۆ دووباره ڕێكخستنه‌وه‌ی شه‌قام و شوێنه گشتییه‌كانی شاری هه‌ولێر به‌بێ زیانگه‌یاندن به كه‌سابه‌تی هاووڵاتییان.
جێگه‌ی باسه له‌و کۆبوونەوەیەدا جێگری پارێزگار و قائیمقامی قەزای ناوەند و عەنکاوە و سەرۆکی شارەوانیی هه‌ولێر و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی گه‌شتوگوزاری هه‌ولێر و بەڕێوەبەرانی پۆلیس و هاتوچۆ و بەرگریی شارەستانی، نه‌خشه‌دانانی ئاوه‌دانی هه‌ولێر، ئەندازەی پارک و باخچەکان و شارەوانییەکان و خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی هەولێر و دەزگه خزمەتگوزارییە په‌یوه‌نداره‌كان ئاماده‌یی بوون
30/05/2026
هه‌ولێر.. په‌رده له‌سه‌ر تابلۆی شه‌قامی مامۆستا حه‌بیب محه‌مه‌د كه‌ریم لادرا
ئێوارەی شەممە 30ی ئایاری 2026 بە ئامادەبوونی به‌ڕێزان سیداد بارزانی، نوێنەری جه‌نابی سەرۆک بارزانی و فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسی و ژمارەیەکی دیكه لە ئەندامانی دەستەی کارگێڕی و مەکتەبی سیاسی و كۆمیتەی ناوەندی پارتی و وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار و پارێزگاری هه‌ولێر و بەرپرسانی لقی2 و لقی 16ی پارتی دیموكراتی كوردستان و خانەوادە و کەسوکاری سیاسەتوان مامۆستا حەبیب محەمەد کەریم و ژمارەیەكی بەرچاو لە بەرپرسانی دیكەی حزبی و حکومی ڕێورەسمی لادانی پەردە لەسەر تابلۆی شەقامێكی سەرەکی بە ناوی مامۆستا حەبیب محه‌مه‌د کەریم له شاری هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو، ئه‌مه‌ش وه‌ك وه‌فاداری و ڕێزێك له خه‌باتی تێکۆشەرانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان.
24/05/2026
بەئامادەبوونی نوێنەری سەرۆك بارزانی پەردە لەسەر ناوی دوو شەقام بە ناوی دوو تێکۆشەری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان لادرا
لە چوارچێوەی بەردەوامی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و وەک وەفادارییەک بۆ مێژووی پڕ لە قوربانیدانی گەلی کوردستان، ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 24ی ئایاری 2026، بە ئامادەبوونی ڕێزدار سیداد بارزانی، نوێنەری سەرۆک بارزانی و فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسی و ژمارەیەکی تر لە ئەندامانی دەستەی کارگێڕی و مەکتەبی سیاسی و كۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان و وەزیری شارەوانی و گه‌شتوگوزار و پارێزگاری هەولێر و بەرپرسی لقی2 و ژمارەیەكی بەرچاو لە بەرپرسانی دیكەی حزبی و حکومی، لە ڕێورەسمێكی شایستەدا پەردە لەسەر تابلۆی ناوی دوو شەقامی سەرەکی لادرا کە بە ناوی سەرکردە و تێکۆشەرانی مەزنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان مامۆستا عەلی عەبدوڵڵا و مامۆستا محەمەد مەلا قادر کراون.
له ڕێورهسمهكهدا، پارێزگاری هه‌ولێر گوتارێکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند: ئەمڕۆ لێرە کۆبووینەتەوە تاوەکو پێ‌زانین و ئەمەکداری خۆمان بۆ ئەو دوو تیكۆشەرە مەزنەی خەباتی گەلەکەمان دووپات بکەینەوە، ناونانی ئەم شەقامە ستراتیژیانە تەنیا کارێکی کارگێڕی نییە، بەڵکوو چەسپاندنی ناسنامەی نەتەوەیی و مێژوویی هەولێری پایتەختە. هەروەها ئاماژەی بەوەکرد کە هەولێری پایتەخت لەژێر سێبەری کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، هاوتەریب لەگەڵ گەشەی خێرای ئاوەدانی و ژێرخانی ئابووری، ڕێز لە خەباتی نەوەکانی ڕابردووش دەگرێت، گوتیشی: ئەم دوو تێکۆشەرە خوالێخۆشبووە تەمەنی خۆیان بەخشییە دۆزی ڕەوای گەلەکەمان و هێشتنەوەی ناویان لەسەر شاڕێگاکانی هەولێر، پەیامێکە بۆ نەوەکانی داهاتوو کە پایتەختی هەرێمی کوردستان هەرگیز ڕابردوو و قارەمانەکانی خۆی لەیاد ناکات.
جێگەی باسە، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی پلانی گشتگیر و ستراتیژیی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار و پارێزگای هەولێر دێت بۆ ڕێکخستنەوەی نەخشەی شار و ئاسانکاری هاتوچۆ، ئەو دوو شەقامە نوێیەی کە ناونراون، شادەماری سەرەکی بەستنەوەی چەندین گەڕەک و ناوچەی گرنگی پایتەختن، هەم کێشەی قەرەباڵغی کەم دەکەنەوە و هەمیش دیمەنێکی شارستانی و مۆدێرن بە شارەکە دەبەخشن.
24/05/2026
پڕۆژه‌یه‌كی زیادكردنی سه‌وزایی به ڕووبه‌ری ٤٢،٠٠٠م2 له ڕێگه‌ی هه‌ولێر-مه‌خموور ڕاگه‌یه‌ندرا
پڕۆژه‌ی زیادكردنی سه‌وزایی و چاندنی ژماره‌یه‌كی زۆری دار له‌سه‌ر ڕووبه‌ری ٤٢،٠٠٠م٢ و دروستكردنی تانكییه‌كی ئاو لە گەڕەکی کریکاران له ڕێگه‌ی هه‌ولێر-مه‌خموور ده‌ستیپێكرد كه به هاوكاریی كوردستان فاونده‌یشن جێبه‌جێ ده‌كرێت.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه 24ی ئایاری 2026 به ئاماده‌بوونی ساسان عه‌ونی، وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هه‌ولێر و د. زانا مه‌لا خالید، به‌رپرسی لقی دووی پارتی دیموكراتی كوردستان و كارزان عه‌بدولهادی، سه‌رۆكی شاره‌وانیی هه‌ولێر و د. یارا بەرزنجی، بەڕێوەبەری كوردستان فاونده‌یشن، له ڕێوڕه‌سمێكدا پڕۆژه‌ی سەوزکردنی ڕووبەری ٤٢،٠٠٠م٢ لە گەڕەکی کریکاران له‌سه‌ر ڕێگه‌ی هه‌ولێر-مه‌خموور ڕاگه‌یه‌ندرا.
ئه‌و پڕۆژه‌یه له‌لایه‌ن كوردستان فاونده‌یش به هاوكاری و هاوئاهه‌نگی لەگەڵ سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی هه‌ولێر له‌سه‌ر ڕووبەری ٤٢،٠٠٠م٢ لە ڕێگه‌ی هه‌ولێر-مه‌خموور جێبه‌جێ ده‌كرێت كه بریتییه لە چاندنی ژماره‌یه‌كی زۆری دار له جۆری سیسەم، سنەوبەر، زەیتوون، سەروی ئەریزونا و دروستکردنی تانکییەکی ئاو بە قەبارەی ١٠٠ هەزار لیتر و دانانی تەواوی سیستەمی ئاودانی تۆماتیکی بۆ ئاودان و خزمه‌تكردنی دار و ڕووبه‌ره سه‌وزاییی پڕۆژه‌كه.
21/05/2026
هه‌ولێر.. تیروپشك بۆ قۆناغی حه‌وته‌می دابه‌شكردنی زه‌وی كرا
ساسان عه‌ونی، وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار:
- له قۆناغی حه‌وته‌مدا 6 هه‌زار و 500 پارچه زه‌وی دابه‌ش ده‌كرێت كه سێ هه‌زاریان قه‌ره‌بووی خاوه‌ن مافه‌كانه
- زه‌وییه‌كانی قۆناغی یه‌كه‌م له هه‌ولێر خه‌ریكه تاپۆكانیان ئاماده ده‌بێت و له‌م ماوه‌یه‌دا ڕاده‌گه‌یه‌نرێت
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 21ی ئایاری 2026 به ئاماده‌بوونی ساسان عه‌ونی، وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هه‌ولێر و سه‌رۆكی شاره‌وانیی هه‌ولێر و به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خشه‌دانانی ئاوه‌دانیی هه‌ولێر و ژماره‌یه‌كی دیكه له به‌ڕێوه‌به‌ران و فه‌رمانگه و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان تیروپشكی دابه‌شكردنی زه‌وی بۆ قۆناغی حه‌وته‌م كرا.
له ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا ساسان عه‌ونی، وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هه‌ولێر له گوته‌یه‌كدا باسیان له‌م قۆناغه‌ی دابه‌شكردنی زه‌وی له سنووری سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی هه‌ولێر كرد، هاوكات سوپاسی ڕێزدار مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیان كرد بۆ بڕیاری دابه‌شكردنی زه‌وی به‌سه‌ر فه‌رمانبه‌ران و جه‌ختیشیان له‌سه‌ر به‌رده‌وامی پڕۆسه‌ی دابه‌شكردنی زه‌وی كرده‌وه.
ساسان عه‌ونی، وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار له گوته‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به‌وه كرد ئه‌مڕۆ دوای كاركردنێكی زۆر له‌لایه‌ن تیمه‌كانی سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی هه‌ولێر و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی نه‌خشه‌دانانی ئاوه‌دانیی هه‌ولێر به هاوكاریی پارێزگای هه‌ولێر و فه‌رمانگه په‌یوه‌نداره‌كان قۆناغی حه‌وته‌می دابه‌شكردنی زه‌وی تیروپشكی بۆ كرا كه له‌م قۆناغه‌دا زیاتر له 6 هه‌زار 500 پارچه زه‌وییه، له‌م ژماره‌یه‌دا 3 هه‌زار و 500 پارچه زه‌وییان له جه‌ژنیكان به‌سه‌ر فه‌رمانبه‌راندا دابه‌ش ده‌كرێن و 3 هه‌زاره‌كه‌ی دیكه‌شیان بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی خاوه‌ن مافه‌كان ئاماده كراون.
وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار ساسان عه‌ونی ده‌شڵێت: له سنووری سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی هه‌ولێردا، پێشتر نزیكه‌ی 82 هه‌زار فه‌رمانبه‌ر له هه‌ردوو ڕاژه‌ی سه‌ربازی و مه‌ده‌نی، بڕیاری وه‌رگرتنی زه‌وییان بۆ ده‌رچوو بوو، له شه‌ش قۆناغی دابه‌شكردنی زه‌ویدا، 38 هه‌زار و 400 پارچه زه‌وی دابه‌ش كراوه، له‌گه‌ڵ قۆناغی حه‌وته‌مدا ژماره‌ی زه‌ویی دابه‌ش كراوه ده‌گاته زیاتر له 42 هه‌زار پارچه زه‌وی، فه‌رمانبه‌رانیش دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه كه پرۆسه‌كه به‌رده‌وامه و فه‌رمانبه‌رانی دیكه‌ش ده‌بنه خاوه‌ن زه‌وی خۆیان.
له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا ساسان عه‌ونی، وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار سه‌باره‌ت به تاپۆكردنی زه‌وییه‌كان، ئاماژه به‌وه ده‌كات ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ی له قۆناغی یه‌كه‌مدا زه‌وییان بۆ ده‌رچووه خه‌ریكه تاپۆكانیان ئاماده ده‌بێت و له‌م ماوه‌یه‌دا ڕاده‌گه‌یه‌نرێت بۆ ئه‌وه‌ی زه‌وییه‌كانیان به‌ناوی خۆیانه‌وه تۆمار بكه‌ن. بۆ خێراكردنی پرۆسه‌ی تاپۆكردنی زه‌وییه‌كانیش یه‌كه‌ی گۆڕینی كارتی زه‌وی بۆ سه‌نه‌د له وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزارمان ڕاسپاردووه به هاوكاریی سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی هه‌ولێر بكه‌ن بۆ تاپۆكردنی زه‌وییه‌كان و كاره‌كانیش به باشی به‌ڕێوه ده‌چن.
ساسان عه‌ونی، وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار به‌ناوی فه‌رمانبه‌رانه‌وه سوپاس و ستایشی ڕێزدار مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی كرد بۆ بڕیاری پێدانی زه‌وی به فه‌رمانبه‌ران و بڕیاره‌كه‌شی به ده‌ستكه‌وتێكی گرنگی كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی له‌قه‌ڵه‌مدا و گوتیشی ئه‌و ده‌ستكه‌وته له‌پاڵ هه‌موو ئه‌و ده‌ستكه‌وته گه‌ورانه‌ی دیكه‌یه كه كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕۆژانه پێشكه‌شی خه‌ڵكی كوردستانی كردووه.
19/05/2026
وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی شوێنه‌وار و كه‌له‌پوور له پارێزگه و ئیداره سه‌ربه‌خۆكان كۆده‌بێته‌وه
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 19/5/2026 ساسان عه‌ونی، وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار له دیوانی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار، له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی شوێنه‌وار و كه‌له‌پوور له هه‌رێمی كوردستان كۆبووه‌وه.
كۆبوونه‌وه‌كه به ئاماده‌بوونی كه‌یفی مسته‌فا، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی شوێنه‌وار و كه‌له‌پوور و سه‌رجه‌م به‌ڕێوه‌به‌رانی شوێنه‌وار و كه‌له‌پوور له پارێزگه و ئیداره سه‌ربه‌خۆكانی هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه‌چوو.
ئامانجی ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه به‌دواداچوونی ئیشوكاری فه‌رمانگه‌كان و پاراستن و په‌ره‌پێدانی زیاتری كه‌رتی شوێنه‌وار و كه‌له‌پوور له‌سه‌ر ئاستی سه‌رجه‌م پارێزگه و ئیداره سه‌ربه‌خۆكان بوو، هه‌روه‌ها گفتوگۆ له‌باره‌ی پلانی نوێ كرا بۆ بایه‌خدانی زیاتر به سێكته‌ری شوێنه‌وار و كه‌له‌پوور له هه‌رێمی كوردستان و جه‌ختیش له‌سه‌ر هه‌ر جۆره پاڵپشتی و هاوكارییه‌كی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار كرایه‌وه.
19/05/2026
وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی شاره‌وانیی دهۆك كۆده‌بێته‌وه
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 19/5/2026 ساسان عه‌ونی، وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار له دیوانی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار، له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی شاره‌وانیی دهۆك كۆبووه‌وه و به‌دواداچوونی بۆ ئیشوكاره‌كان و په‌ره‌پێدانی پڕۆژه خزمه‌تگوزارییه‌كانی دهۆك كرد.
له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا چه‌ند ته‌وه‌رێكی گرنگ له بواری خزمه‌تگوزاریی جۆراوجۆر له سنووری دهۆك به‌مه‌به‌ستی به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی خزمه‌تگوزارییه‌كانی سنووره‌كه تاوتوێ كران وه‌ك په‌ره‌پێدانی پڕۆژه‌كان و كه‌مكردنه‌وه‌ی ڕۆتین و باشتر به‌ڕێوه‌چوونی ئیشوكاری فه‌رمانگه خزمه‌تگوزارییه‌كان و جوانتركردنی سیمای شار و شارۆچكه‌كان و زیادكردنی ڕێژه‌ی سه‌وزایی و چه‌ندین بواری دیكه‌ی تایبه‌ت به شارسازی له سنووری پارێزگه‌ی دهۆك گفتوگۆیان له‌باره‌وه كرا.